دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی دانیشتووی کۆبانێ لە گۆڕەپانی (ژنی ئازاد) گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کرد بۆ سەرکۆنەکردنی شەهیدکردنی سیپان حوزنی و داوای بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەکەن.
شەوی هەینی، لە نێوەندی شاری کۆبانێ دانیشتووانی شارەکە رژانە سەر شەقام و لە گۆڕەپانی (ژنی ئازاد) گردبوونەوە. بەشداربووانی خۆپێشاندانەکە داوای دادپەروەری دەکەن و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن "دەستبەجێ بکەرانی ئەو تاوانە دەستگیربکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێندرێن."
یەکێک لە گەنجە بەشداربووەکانی گردبوونەوەکە بە پەیامنێریی راگەیاند: "ئێمە دادپەروەریمان دەوێ، داوا دەکەین ئەو کەسانەی سیپانیان شەهید کردووە دەستگیر بکرێن، داواکاریی سەرەکیی ئێمە چەسپاندنی دادپەروەرییە بۆ خوێنی شەهید سیپان."
گەنجێکی دیکەی بەشداربووی خۆپێشاندانەکە بە ناوی جەختی لەسەر هەمان داواکاری کردەوە و بەی گوت: "ئێمە دادپەروەریمان دەوێ. دەمانەوێ ئەوانەی سیپانیان شەهید کردووە بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و رادەستی دادگە بکرێن."
سیپان حوزنی، کە شەڕڤانێکی سەر بە لیوای حەسەکە بوو، رۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی بە سەربڕدراوی دۆزرایەوە، ئەمەش کاردانەوە و تووڕەییەکی زۆری لەسەر ئاستی جەماوەری لە رۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە.
لەبارەی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەش، سیپان عەلی ئوسو، یاریدەدەری وەزیری ناوخۆی سووریا رایگەیاند: "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد کردووە و لە ئەنجامدا بەشێک لە تۆمەتبارانی ئەو تاوانە دەستگیر کراون."
سیپان عەلی ئوسو ئاماژەی بەوەش کرد، بەدواداچوونە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەردەوامن تاوەکو سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە دەستگیر بکرێن و ڕادەستی دادگە بکرێن.




