دیجیتاڵ
لە شاری هەولێر، ئامادەکاری بۆ نمایشکردنی شانۆگەریی "لەچک"دەکرێت؛ بەرهەمەکە بە بەشداریی سێ ئەکتەر،کاریگەری و کارەساتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی دوای کۆتاییهاتنی جەنگ دەخاتەڕوو.
شادی عوسمان، ئەکتەری سەرەکیی شانۆگەرییەکە و قوتابی قۆناخی چوارەمی بەشی شانۆ لە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین، بەی راگەیاند: "دەقی شانۆگەریی لەچک باس لەو زام و ئازارانە دەکات کە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ لەنێو کۆمەڵگەدا بەجێدەمێنن؛ چیرۆکەکە باس لە ژنێک دەکات کە 17 ساڵ پێشتر، بە ناوی بەرگریکردن لە خاکەوە دەستدرێژیی کراوەتە سەر."
سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لەم کارەدا، شادی عوسمان گوتی: "ئەوەی بۆ من زۆر نوێ و قورس بوو ئەوەیە کە لە ژیانی راستەقینەی خۆمدا منداڵم نییە، بەڵام لەم کارەدا رۆڵی دایکی کوڕێکی تەمەن 17 ساڵ دەگێڕم. بەرجەستەکردنی ئەو هەستە دایکایەتییە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام دەرهێنەر لە ئەداکەم رازییە."
ئەو کچە ئەکتەرە تیشکی خستە سەر دۆخی شانۆ لە پایتەختی هەرێمی کوردستان و گوتی: "بەهۆی ئەوەی ئێستا بزووتنەوەی شانۆیی لە هەولێر تا رادەیەک لە دۆخێکی سستدایە، وەک ئەکتەرێکی ئەکادیمی بەردەوام هانی هاوڕێکانم دەدەم کار بکەن بۆ ئەوەی رۆحی شانۆ لەم شارەدا بە زیندوویی بمێنێتەوە."
شانۆگەریی "لەچک"لە دەرهێنان و دراماتۆرگیی مەولان حەمەدەمینە؛ دەقەکەی لە بەرهەمێکی ئەمین مەعلوف بە ناوی ئادریانای دایک و شیعری براکوژیی عەبدوڵڵا پەشێو وەرگیراوە. لە بەرهەمەکەدا هەریەکە لە ئەکتەران (زیاد کەریم، شادی عوسمان و ئەحمەد دلێر) رۆڵ دەگێڕن و بڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا لە شاری هەولێر نمایش بکرێت.



