دیجیتاڵ
یاریدەدەرێکی سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، دەستەی چاودێری قەدەخەی سەر فیلمی جۆیلاند (Joyland) هەڵدەگرێت کە بەربژێری پاکستانە بۆ خەڵاتی ئۆسکار، بەڵام پێش ئەوەی فیلمەکە لەسەرتاسەری وڵاتدا نمایش بکرێت هەندێک دیمەنی دەبڕدرێن.
فیلمی (Joyland)، باس لە پیاوێکی خێزاندار دەکات کە هاوژینی پێکهێناوە لەگەڵ کەسێک کە رەگەزی خۆی گۆڕیوە.
سەلمان سۆفی یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی پاکستان ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی سانسۆرەکان و ناڕەزایی خەڵک، پاکستان قەدەخەی فیلمی (Joyland)ـی کرد.
فیلمەکە ناڕەزایی موسڵمانانی پاکستانی لێکەوتووەتەوە و بووەتە جێگەی مشتومڕ و ناکۆکی، هەفتەی رابردوو حکومەت سانسۆری لەسەر فیلمەکە دانا و نمایشکردنی لە سینەماکاندا قەدەخەکرد، لەکاتێکدا پێشتر رێگەدرابوو بەنمایشکردنی.
لە پاکستان، زۆر خەڵکی کەسانی ترانسجێندەر بەکەسانێکی دەرەوەی کۆمەڵگە دەبینن، سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنێکی بەرچاو هەبووە لەدەستەبەرکردنی مافەکانیان، یاسایەک هەیە کە مافەکانیان دەپارێزێت، کە ئەویش بڕیارێکی مێژوویی دادگای باڵای پاکستانە کە ترانسجێندەرەکان بە "رەگەزی سێیەم"ـی کۆمەڵگە ناساندووە.
سەلمان سۆفی، یاریدەدەری شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاندووە: "بڕیاری هەڵگرتنی قەدەخەکە لەلایەن لیژنەیەکەوە دراوە کە سەرۆکوەزیران بۆ هەڵسەنگاندنی فیلمەکە پێکهێناوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە: "لیژنەکە رەزامەندییان لەسەر نمایشکردنی فیلمەکە داوە، بەڵام بەلابردنی هەندێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە."
سۆفی باسی لەوەشکردووە: "ئەم بڕیارە پەیامێکی سادە بەڵام بەهێزە، کە حکومەت پشتگیری و دڵنیایی لە ئازادی دەربڕین و پاراستنی دەدات، و ناتوانێت رێگە بەبڵاوبوونەوەی ناوبانگخراپکردن یان زانیاریی هەڵە بدات بۆ ئەوەی ئازادیی داهێنانی هونەری و بەرهەمهێنان بخنکێنرێت."
گوتیشی: "کەسانی ترانسجێندەر بەهەمان شێوەی خەڵکی ئاسایی هاووڵاتیی پاکستانن وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە، هەروەها لە ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانەوە هێڵێکی گەرممان بۆ کێشە و داواکارییەکانی ئەوان دەستپێکردووە، سەرۆکوەزیران بەتەواوی پابەندە بەپاراستنی مافەکانیان."
فیلمی (Joyland) بڕیارە رۆژی هەینی لە سینەماکانی پاکستان نیشانبدرێت.




