انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

رێوڕەسمێکی رێزلێنان لە سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی لە سنە بەڕێوەچوو

رێوڕەسمێکی رێزلێنان لە سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی لە سنە بەڕێوەچوو

دیجیتاڵ

بە بەشداریی گرووپێکی 300 کەسی لە ژەنیار و فێرخوازانی میوزیک، پێنجەمین فێستیڤاڵی میوزیک تایبەت بە رێزلێنان لە مامۆستا سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی لە پارکی منداڵانی شاری سنە بەڕێوەچوو. پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کولتووری، کۆمەڵایەتی و وەرزشیی شارەوانیی سنە، رۆژی دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2026 و لە چوارچێوەی پابەندییەکانی سنە وەک "شاری داهێنەری میوزیک"، پێنجەمین فێستیڤاڵی تایبەت بە رێزلێنان لە سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی بەڕێوەبرد، تێیدا ژەنیاران و فێرخوازانی میوزیک لە تەمەنی 4 ساڵ بەسەرەوە بەشدار بوون.

بەپێی راگەیێندراوی شارەوانیی سنە، فێستیڤاڵەکە پێشوازییەکی بەرچاوی هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە و زیاتر لە 1500 کەس تێیدا بەشداربوون.

فەرشید سەڵەواتی، سەرۆکی بەشی کولتووری، کۆمەڵایەتی و وەرزشیی شارەوانیی سنە رایگەیاند، "ئەم پێشوازییە نیشاندەری توانای بەرزی میوزیک، کولتوور و هونەرە لە شاری سنە و دەرخەری حەز و خولیای هاونیشتمانییانە بۆ بەرنامە کولتووری و هونەرییەکان."

فەرشید سەڵەواتی گوتی، بەردەوامیی چالاکی لەم شێوەیە، بە ئامانجی رێزگرتن لە گەورەپیاوان و ناودارانی میوزیک، ناساندنی توانا کولتوورییەکانی سنە و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی شارەکە وەک "شاری داهێنەری میوزیکی جیهان"، لە کارە لەپێشینەکانی ناوەندی کولتووری شارەوانی سنە دەبێت.

سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی گۆرانیبێژ و مەقامبێژێکی گەورەی کورد بووە. ئەو هاونیشتمانییە لە ساڵی 1882 لە گوندی سەڵوەتاوای سەر بە شاری سنە لەدایکبوو و 4ی شوباتی 1937 لە تەمەنی 55 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەید عەلی ئەسغەر بە یەکێک لە پێشەنگ و مامۆستایانی مەقامی کوردی دادەنرێ کە لە گۆرانییەکانیدا زیاتر سوودی لە شیعری شاعیرانی گەورەی وەک مەولەوی و وەفایی بینیوە. 

شاری سنە لە 30ـی ئۆکتۆبەری 2019 لەلایەن یونسکۆوە وەک "شاری داهێنەری میوزیک"ی جیهان تۆمار کرا.

المصدر: krd24.netعبر: رووداو

أخبار ذات صلة