انتقل إلى المحتوى
krd24.netkrd24.net

عێراق خاوەنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات قیست بە دۆلار بدەنەوە

عێراق خاوەنی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات قیست بە دۆلار بدەنەوە

دیجیتاڵ

دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بە نووسراوی فەرمی بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، ناکرێ پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون پابەند بکرێن کە وەرگرتنەوەی قیستەکانیان بە دینار بێت بە نرخی بانکی ناوەندی، بەڵکو دەبێت بە دۆلار بێت. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەوانیش ناتوانن وەبەرهێنەرەکان پابەند بکەن دۆلار بە 132 هەزار دینار هەژمار بکەن.

نووسراوەکەی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق بە ژمارە 11891 لە 27-09-2026 دەرچووە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراوە و تێیدا هاتووە: "قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە دۆلاری ئەمریکی دەبێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێدانی دۆلار بەپێی نرخی فەرمی ئەو پڕۆژانە ناگرێتەوە کە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و ئاسانکارییان بۆ ناکرێ بانکی ناوەندی دۆلاریان بە نرخی فەرمی پێ بدات".

بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیاییی گوت: "ئێمە ناتوانین وەبەرهێنەران ناچار بکەین کە دینار لە خاوەن یەکەکان وەربگرنەوە، چونکە بانکی ناوەندی دۆلاریان بە فەرمی بۆ ناگۆڕێتەوە".

پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە دەیان هەزار کەس مانگانە قیستی یەکەی نیشتەجێبوون بە دۆلار دەدەنەوە، بانکی ناوەندیی عێراق دۆلار بە وەبەرهێنەرانی عێراق دەدات بە نرخی فەرمی و ئەوانیشی پابەند کردووە، بۆ وەرگرتنەوەی قیستەکانیان دینار لە خاوەن یەکەکانی نیشتەجێبوون وەربگرن و هەر 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار وەربگرن.

گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا هەندێک پڕۆژە هەن خاوەنەکانیان دینار وەک نرخی فەرمی وەردەگرن و 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەشکێننەوە. ئێمە هیوامان وایە هەموو وەبەرهێنەران هەمان رێگە بگرنە بەر لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، بەڵام ناتوانین پابەندیان بکەین".

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست کراون و زۆرینەیان شوقەن. بەشێکی پارەی خاوەن پڕۆژەکان لای دانیشتووان ماوە و بە قیستی مانگانە دەدرێنەوە، دانەوەی قیست بەگوێرەی پڕۆژەکان لە 300 دۆلارەوە دەست پێدەکات و لە هەندێک پڕۆژە مانگانە دەگاتە زیاتر لە هەزار دۆلار.

المصدر: krd24.net — عبر: رووداو

أخبار ذات صلة