دیجیتاڵ
وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، بڕیار دراوە 300 هەزار تمەن بۆ کۆبۆنی ئەلیکترۆنیی خۆراکی هاووڵاتیان زیاد بکرێت، واتە تەنیا دۆلارێک و 30 سەنت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، عەلی مەدەنیزادە، وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، بڕیاری یەکلاکەرەوە دراوە بۆ زیادکردنی بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی بۆ کڕینی خۆراک لە چوارچێوەی کۆبۆنی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەدرێتە هاووڵاتیان و بەپێی بڕیارەکە بڕی زیادکراوی ئەو هاوکارییە داراییە 300 هەزار تمەن دەبێت.
وەزیری ئابووریی ئێران گوتی: "کەمترین بڕی زیادکردنەکە 300 هەزار تمەن دیاریکراوە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی ماوەتەوە و دیار نییە چ دەستە و چێنێک لەم هاوکارییە داراییە سوودمەند دەبن. بابەتەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و دوای تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی بابەتەکە، بڕیاری لەسەر دەدرێت."
زیادکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ کۆبۆنی خۆراکی هاووڵاتیان لە کاتێکدایە، کە نرخی تمەن لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی دراماتیکی دابەزیوە و ئێستا هەر دۆلارێک بە 230 هەزار تمەنە. هەروەها نرخی کاڵاکان بەردەوام گرانتر دەبن. بەو 300 هەزار تمەنە، هاووڵاتیان دەتوانن تەنیا یەک کیلۆ مریشک بکڕن.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند، حکومەت لەپێناو پشتگیریکردن لە بژێوی خەڵک، بڕیاریداوە بڕی هاوکارییە داراییەکەی کۆبۆنی خۆراک زیاد بکات.
بەپێی بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی ئێران، بڕی ئەو هاوکارییە داراییەی بۆ کڕینی خۆراک دەدرێتە هەر هاووڵاتییەک، لە یەک ملیۆن تمەنەوە بۆ یەک ملیۆن و 300 هەزار تمەن زیاد دەکرێت.
بە لەبەرچاوگرتنی نرخی ئێستای تمەن لە بازاڕەکاندا، کۆی ئەو هاوکارییە داراییەی چەند مانگ جارێک حکومەت دەداتە هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی، دەکاتە نزیکەی پێنج دۆلار و 65 سەنت. بۆ خێزانێکی سێ کەسی، بڕی هاوکارییەکە دەکاتە سێ ملیۆن و 900 هەزار تمەن کە دەکاتە 16 دۆلار و 95 سەنت.
بەهۆی گرانبوونی بەردەوامی نرخی کاڵاکان بەتایبەت خۆراک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتی ئێران لە مانگی رەمەزانی 2025ـدا بەمەبەستی هاوکاریکردنی خەڵکی کەمدەرامەت، پرۆژەی کۆبۆنی ئەلیکترۆنیی خۆراکی راگەیاند کە بە کالابەرگ ناسراوە و لەو چوارچێوەیەدا چەند مانگ جارێک بڕی یەک ملیۆن تمەن وەکو هاوکاریی دارایی دەداتە هەر هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی کاری ئێران سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکات. حکومەتی ئێران بۆ پێدانی ئەو هاوکارییە داراییە بە خەڵک، لەسەر بنەمای داهات، کۆمەڵگەی بەسەر 10 گرووپ دابەشکردووە؛ گرووپی یەکەم تاوەکو حەوتەم خەڵکانی هەژار و چینی ناوەند لەخۆدەگرێت. سێ گرووپەکەی دیکە ئەو کەسانەن کە داهاتیان بەرزە و بڕیارە بە چەند قۆناخ هاوکاریی داراییان لەسەر ببڕدرێت.




